سریدز

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-08-28-18:37:00 - کۆدی بابەت: 12526
سریدز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سرێدز (بە ئینگلیزی: Threads، بە عەرەبی: ثريدز) بەرنامە نوێیەکەی کۆمپانیای مێتایە (کۆمپانیای دایکی هەریەک لە فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپ)، کە لە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ بۆ بەکارهێنەران بەردەست خرا.

سرێدز چییە؟

سرێدز سەکۆی خزمەتگوزاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لەلایەن کۆمپانیای مێتای ئەمریکییەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت. ئەم بەرنامەیە توانای بڵاوکردنەوە و هاوبەشکردنی دەق و وێنە و ڤیدیۆ دەدات بە بەکارهێنەران، هەروەها کارلێککردن لەگەڵ بڵاوکراوەی بەکارهێنەرانی دیکە لە ڕێگەی وەڵامدانەوە و دووبارە بڵاوکردنەوە و لایککردنەوە. پەیوەندی نزیکی بە سەکۆی ئینستاگرامەوە هەیە و پێویستە بەکارهێنەران هەردووک هەژماری ئینستاگرام و سرێدز لە ژێر هەمان دەستەی ئینستاگرام بەکاربهێنن، واتە بەبێ هەبوونی هەژماری ئینستاگرام ناتوانی بچیتە ناو سرێدزەوە. سەرەڕای نووسینی تا ٥٠٠ پیت، سرێدز ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات وێنە و ڤیدیۆکان تا پێنج خولەک بڵاوبکەنەوە. کارایی سرێدز هاوشێوەی تویتەرە و زیاتر بە "بکوژی تویتەر" وەسف کراوە. لە ماوەی پێنج ڕۆژی یەکەمی بەردەستبوونیدا ١٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری بەدەستهێنا، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند کە پێشتر لەلایەن چات جی پی تییەوە تۆمارکرابوو.

چۆن هەژماری سرێدز دروست دەکرێت؟

دروست کردنی هەژمار سادەیە بەڵام پێویستە هەژماری ئینستاگرام بەکاربهێنیت بۆ چوونە ناو سرێدز. سەرەتا دەبێت بەرنامەکە دابەزێنیت، کە لە ئێستادا بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە. کاتێک بەرنامەکە دەکەیتەوە داوات لێدەکات لە ڕێی هەژماری ئینستاگرامەکەتەوە بچیتە ژوورەوە یان ئەگەر هەژمارت نییە دروستی بکەیت. دواتر هەڵبژاردنی ئەوەت پێدەدرێت کە ئایا دەتەوێت بە هەمان زانیاری وێنە و ناوی بەکارهێنەری ئینستاگرامەکەتەوە بچیتە ژوورەوە یان نا. هەروە ها بەکارهێنەر لە توانایدایە بەشێوەیەکی خودکارانە هەموو هەژمارەکانی کە شوێنیان کەوتووە لە ئینستاگرام دووبارە داواکاری شوێنکەوتنیان لە سرێدز بۆ بنێرێت.

ئایا بەکارهێنەر دەتوانێت هەژماری سرێدزەکەی بسڕێتەوە؟

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی یەکخستنی سرێدز و ئینستاگرام ئەوەیە کە بەکارهێنەر ناتوانێت بە تەنها هەژماری سرێدز بسڕێتەوە و ئینستاگرامەکەی بهێڵێتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتی سڕیەنەوەی سرێدز هەژماری ئینستاگرامەکەشی بە تەواوی دەسڕێتەوە. لەبری ئەوە بەکارهێنەر دەتوانێت هەژمارەکەی ناچالاک بکات یاخود هەژمارەکەی لە گشتییەوە بکاتە تایبەت. بەشێوەیەکی گشتی هەژماری سرێدز ناتوانرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ بسڕدرێتەوە.


سەرچاوەکان



100 بینین