مۆبایلی Galaxy S24 Ultra

له‌لایه‌ن: - پلاتفۆرمی تەکنەلۆژیا پلاتفۆرمی تەکنەلۆژیا - به‌روار: 2024-05-28-16:44:00 - کۆدی بابەت: 12671
مۆبایلی Galaxy S24 Ultra

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆبایلی Galaxy S24 Ultra ئەو مۆبایلەیە کە لە هەموو لایەکەوە بوخچەیەکی نایابە لە هەموو ڕوویەکەوە کە باشترین و نوێترین تەکنەلۆژیاکانی بۆ بەکارهاتووە. ئەوەتا ڕوونمایەکی نایاب، باشترین چیپسێتی مۆبایلەکانی ئەندرۆید، کامێرای 200 مێگاپیسکڵی، هەروەها بوونی پێنووسی زیرەکی SPen و تێهەڵکێش کردنی ژیری دەستکرد لەگەڵ هەموو بەشەکانی مۆبایلەکە.

 

دیزاین، ڕوونما، چیپسێت و پاتری

بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە دیزاینی هەروەکو دوو نەوەی ڕابردووەی ماوەتەوە، بەڵام لە بەشی پێشەوە ڕوونماکەی بە تەواوی تەختە ئێستا کە ئەمەش ئاسانترە بۆ هەڵگرتن و بەکارهێنان. هەروەکو ئایفۆنی نوێ، سامسۆنگیش ماددەی تیتانیۆمی بەکارهێناوە لە مۆبایلەکەدا، کە بەرگەگرتر و سووکەڵەترە بەروارد بە ئەلەمنیۆم، بەڵام تیتانیۆمی پلە دووە نەوەک پلە پێنج، کە ئەپڵ لە ئایفۆنی 15 پرۆ بەکاری هێناوە. ئەوەی نایابە لە ڕوونمای پێشەوە، بوونی ڕووپۆشی Goriila Glass Armor کە بەشێوەیەکی بەرچاو وێنەدانەوەی ڕووناکی کەم کردووەتەوە.

ڕوونماکەی لە جۆری Dynamic 2X AMOLED، کە باشترینە لە جیهان دا. ڕوونییەکەی 2K یە و ڕووناکییەکەی دەگاتە 2,600 نیت کە بۆ بەکارهێنان لە پێش خۆر زۆر بێ کێشە و دەتوانیت کاری خۆتی پێ بکەیت.

 

سامسۆنگ دوو تایبەتمەندی دیکەشی لە ئەپڵەوە وەرگرتووە، زیاد کردنی ویدجیتەکانە لەسەر شاشە قفڵ، هەروەها پێشاندانی پاشبنەما (Wallpaper) و زانیارییەکانی دیکە بە شێوەیەکی تاریک لەو کاتانەی کە Always on Display کار دەکات.

قەبارەی پاترییەکەی هەروەکو نەوەی ڕابردووی ماوەتەوە، کە 5,000 مللی ئەمپێر / کاتژمێرییە، بەڵام لە ڕووی چووستیەوە باشتر کراوە، لەو ڕۆژانەی کەوا مۆبایلەکەم بە شێوەیەکی ئاسایی بەکار دەهێنا نزیکەی 7 کاتژمێر بەرگەی دەگرت، بەڵام لە کاتی بەکارهێنانی سەخت لە 5 کاتژمێر زیاتر بەرگەی نەدەگرت. پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی 45 واتی وایەر دەکات کە %65 پاترییەکەی لە ماوەی نیو کاتژمێر بارگاوی دەکاتەوە، هەروەها پشتیگری لە بارگاویکەرەوەی 15 واتی بێ تەل بە تەکنەلۆژیای Qi دەکات.

مۆبایلەکە بە چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 3 (for Galaxy) بەردەست دەبێت لە هەموو ناوچەکانی جیهان. بەهۆی چیسپێتە بەهێزەکەی، بە بێ کێشە هەموو کارە قورسەکانی دەتوانیت پێ ئەنجام بدەیت بە بۆ هەموو کارە قورسەکانیش پشتی پێ ببەستیت و تووشی هیچ خاوبوونەوەیەک نابیت لە کاتی بەکارهێنان. هەرچی دەربارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، توانای هەیە بەرزترین ڕوونی لە یاری PUBG کار پێ بکات، بەڵام لە دوای ماوەیەک لە یاریکردنی بەردەوام ئەوا هەستم بە گەرم بوون دەکرد. ئەو یەکەیەی کەوا بۆ کەی ئای تی ئێن نێردرابوو ڕامی 12 گێگابایت و بیرگەی 1 تێرابایت، کە چەند جارێک لە کاتی بەکارهێنانی ئاسایی پلەی گەرمی بەرز دەبۆوە و بە ئاسانی هەستی پێدەکرا. حاڵەتی گەر بوونەکە تەنانەت لە دوای ئەو نوێکارییەی سامسۆنگ ڕەوانەی کرد بە مەبەستی زیاتر جێگیر کردنی ئاست و توانای مۆبایلەکە ڕووی دایەوە، هیوادارین سامسۆنگ لە نوێکاری داهاتوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و کەمتر حاڵەتی گەرم بوون ڕووبدات.

هەروەها بڕوانامەی IP68 هەیە بۆ دژە ئاو و خۆڵ و تۆز، کە لە بار و دۆخە نەخوازراوەکان پارێزراو دەبێت و تاکو 30 خولەک لە قوڵای 1.5 مەتر بەرگە دەگرێت، پەنجەمۆری ژێر ڕوونماکەشی لە جۆری Ultra Sonic کە زۆر خێرایە و دەتوانم بڵێم کە تەنانەت بۆ یەکجاریش کێشەم بۆ دروست نەبوو لە کاتی کردنەوەی مۆبایلەکە بە پەنجە مۆر و هەموو جارەکان بە یەکەم هەوڵ مۆبایلەکە دەکرایەوە.

پێنووسە زیرەکەکەشی ئێستا لە هەموو کات باشتر دەتوانیت بەکاری بهێنیت بەهۆی ئەوەی ڕوونماکەی بە تەواوی تەختە و هیچ کێشەیەکت بۆ دروست ناکات لە لێواری ڕوونماکەدا.

 

ژیری دەستکرد و سیستەمەکەی

مۆبایلەکە کار بە ڕووکاری وەن یو ئای 6.1 بنەچەکراو لەسەر ئەندرۆید 14 دەکات، لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر ئەوەیە کە 7 ساڵ نوێ بوونەوەی ئەندرۆید و ئاسایشی مانگانەی پێ دەگات، کە بەمەش سامسۆنگ پێش ئەپڵ دەداتەوە لە پشتگیری کردنی ئامێرەکانی لە ڕووی ناردنی نوێکارییەوە. هەروەها ئەوەی سامسۆنگ شانازی پێوە دەکرد لە مۆبایلەکە، ژیری دەستکرد بوو، کە لەگەڵ زۆربەی ئەپەکانی مۆبایلەکە تێهەڵکێش کراوە، پوخت کردنەوەی تێبینییەکان؟ بوونی هەیە. دەستکاری کردنی وێنە؟ بوونی هەیە. دروستکردنی پاشبنەما بە ژیری دەستکرد؟ بوونی هەیە. (نازانم لەبەر چ هۆکارێک دوای نوێکاری مانگی 2 کە سامسۆنگ بۆ مۆبایلەکەی ڕەوانەکردبوو تایبەتمەندییەکە بوونی نەمابوو) لە زۆر ئەپی دیکەی مۆبایلەکەش بە هەمان شێوە. ئێستاش بە شێوەیەکی وردتر باس لە تایبەتمەندییەکان دەکەین کە بە ژیری دەستکرد بەهێز کراوە. ئەگەر وێنەیەکت گرتووە و لە ناوەڕاستی وێنەکە نەوەستاویت، کێشە نییە، ژیری دەستکرد کێشەکەت بۆ چارەسەر دەکات هەروەها دەتوانیت قەبارەی تەنەکان گەورە و بچووک بکەیت و لەگەڵ ئەوەشدا شوێنەکانیان لە وێنەکە بگۆڕیت، یاخود دەتەوێت خودی خۆت لە پاشبنەما (باکگراوند) جیا بکەیتەوە و وێنەکە بکەیت بە پۆرترەیت؟ کێشە نییە، ژیری دەستکرد چارەسەری دەکات. هەموو ئەمانە و زۆر زیاتریش لە دەستکاری کردنی وێنەکان بوونی هەیە.

سامسۆنگ لەگەڵ گووگڵ کاری کردووە بۆ بەردەست خستنی شێوازێکی نوێی گەڕان، بە ناوی Circle to Search، کە بە پەنجە دان لە هۆم بەتنی مۆبایلەکە و کێشانی بازنەیەک بە دەوری هەر تەن و وێنە و دەقێک گەڕانی بۆ ئەنجام دەدات کە لە زۆر کات و ح

لەگەڵ وەرگێڕانی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و پوخت کردنەوە و دووبارە دارشتنەوەی دەقەکان لە ئەپی Samsung Notes و زۆر زیاتر، بەڵام بە داخەوە زۆربەی ئەم تایبەتمەدندییانە تەنها پشتگیری لە زمانی ئینگلیزی دەکات لەگەڵ چەند زمانێکی دیکەی دیاری کراوی دیکە.

هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کەوا بە ژیری دەستکرد کار دەکەن تاکو کۆتایی ساڵی داهاتوو بە خۆڕایی دەبێت و دواتر پێویست بە پارەدان دەکات بۆ بەکارهێنانی. کە ئەمەش دەرگایەکی نوێ واڵا دەکات بۆ کۆمپانیاکان لە داهاتوودا ئەپ و خزمەتگوزاری و تایبەتمەندییەکانی ناو مۆبایلەکانمان پێ بفرۆشنەوە و بە یەک یەکجار پاردان بە مۆبایلەکان وازمان لێ نەهێنن. هیوادارین سامسۆنگ ئەمە بەخۆڕایی بهێڵێتەوە یان بەلایەنی کەمەوە ماوەکەی زیاتر بکات.

کامێرا

لەڕووی کامێراوە، بە نزیکی هەموو تایبەتمەندی کامێراکانی بە نەوەی ڕابردوو دەکات، جگە لە یەکێکیان نەبێت. کامێرای سەرەکی کە ڕوونی 200 مێگاپیکڵسڵە و وێنەی زۆر جوان دەچرکێنێت و ڕەنگەکان وەکو خۆی دەهێڵێتەوە بێ گۆڕانکاری کردن. هەروەها کامێرای گۆشە فراوانەکەی، کە 12 مێگاپیسکڵە، بە هەمان شێوە وێنەی زۆرجوان دەچرکێنێت، بەڵام نابێت چاوەڕوانی وردەکاری زۆر باشی لێ بکەیت، لەبەر ئەوەی قەبارەی پیکسڵەکانی کەمن. هەروەها تاکە گۆڕانکاری لە کامێراکان بریتییە لە کامێرای تێلەفۆتۆ، کە ڕوونییەکەی بۆ 50 مێگاپیسکڵ بەرز کراوەتەوە، بەڵام زووم کردنی کەم کراوەتەوە لە 10 هێندەوە بۆ 5 هێندە و سامسۆنگ بەڵێنی ڕوونی باشتری داوە.

 

ئەوەشمان بیر نەچێت کە کامێراکانی مۆبایلەکە لە ئێستادا هەموو وێنەکان بە فۆرماتی ئێچ دی ئاڕ دەچرکێنێت، کە ئەمەش وا دەکات ڕەنگ و هایڵایتی وێنەکان باشتر و جوانتر بن. هەروەها سامسۆنگ لەگەڵ سناپچات و ئینستەگرام کاری کردووە بۆ ئەوەی وێنەکان بەهەمان ڕوونی لەسەر تۆڕەکان بڵاو بکرێتەوە بە بێ لە دەستدانی ڕوونییەکانیان.

 

لە ڕووی تۆمارکردنی ڤیدیۆش، کامێرای سەرەکی مۆبایلەکە توانای هەیە بە ڕوونی 8K ڤیدیۆ تۆمار بکات کە ناتوانین بڵێین هاوشانی کامێرا دیجیتاڵییەکانە، بەڵام ڕکابەرییەکی باشییان دەکات، هەروەک کامێرای سێڵفییەکەشی توانای هەیە بە ڕوونی 4K و 60 وێنە لە چرکەیەکدا ڤیدیۆ تۆمار بکات.

سەرنجی کۆتایی

لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەگەر بە دوای باشترین مۆبایلی ئەندرۆیدا دەگەرێیت ئەوا بێگومان باشترینە لە زۆربەی لایەنەکان، ڕوونما، کامێرا، خێرایی. بەڵام هیوادار بووم لە بری پیشاندانەوەی هەمان ژمارەکانی ساڵەکانی ڕابردوو، سامسۆنگ تەمەنی پاترییەکەی باشتر بکردایە و نوێکاری و گۆڕانکاری زیاتری ئەنجامبدایە لە مۆبایلەکە.



39 بینین